درۆ

بەردەڵانێکە دڵی من ...                                           

ساردترلەنیگای هەور،بێ ئێحساسترلەو،چاوانم.

قەت نیگای سەرکێشی کچێک

لەرزی نەخستۆتە دڵم!

قەت شاعیری دیوەخانی عەشق نەبووم ،ئەرێ گوڵم!

بەخۆبادان و ئیشاڕەی هیچ کچۆڵەیەک

پەلکێشی سەد کۆڵان نەبووم،

نەلە ئێستا و نەڕابردووم!

قەت قەت خەونم بەمیحڕابی سینگ و

چەوری ماچی پەنا دیوار و تاریکاییەوە نە دیوە ...

لە دیمەنی دەستەملان ولێوگەزینی دووئاشقدا

خۆم بە غەریب نەزانیوە ...

تۆخوا ئاوام چاو لێ مەکەن ،قەت مەڵێن تــۆ!؟؟؟

خۆم دەزانم ڕەنگم چۆنە

کاتێک دەست دەکەم بە درۆ !