منداڵەكان ئەو دەركانەیان خۆش ناوێ به دوایاندا دابخرێ!

مناڵەكان ئەو دەركانەیان خۆش ناوێ بەدوایاندا دادەخرێ!

حكایەتێكم بۆ بڵێ دادە مەنوو

حەكایەتێك كه دێوەزمەی چیروكەكەی

هەر لەبەشی یەكەم خاندا بەچۆك دابێ،

قاچه كز و زەردەكانم لە دووم نایەن بۆ حەوت خانی ئەم چیرۆكه!

حكایەتێك پڕ لەهەرا و قەرێ قەرێن

تۆپ تۆپێن و چۆڵەمەشكێن و خەستەكێن

داده! داده!

مەمده بەگورگەم بۆ مەڵێ

گورگه ددانی زۆر تیژه و لەو كایەدا هەر دەخیچێن!

داده وەره با بۆ جارێك لەسەر شانۆی چیرۆكی تۆ دەوری منالێك بگێڕم،

با لە قەستی دایك و باب و ماڵم هەبێ

بۆنی قفڵ و ژەنگ و ئاسن

ئەفسانه بێ!

با لە قەستی پەپووله بم

لەسەر چڵی ئەوگوڵ بۆئەو گوڵ

مەستی عەتری گوڵاوێێان بم،

با بۆ جارێك هەر بۆ جارێك مندالێكی بەراستی بم!

داده مەنوو

شەو درێژه خەوم نایا،

به من مەڵێ شەو درەنگه شەو لێره كۆتایی نایا!

چاوەروانم

به پەیژەی چیرۆكی خۆتدا

هەڵم كێشی و رزگارم كەی

لەم شوێنه تەنگ و تاریكەی

دەرگاكانی دوا به دواماندا دادەخرێ،

لەبیرت بێ لەم سەفەره خەیاڵێ دا دایكیشم به كۆڵم دادم

حەوت براكان ونییان كرد و

كەوته قەڵای ئەو دێوەزمەی دەبۆڵێنێ:

«بۆن دێ! بۆن دێ!

بۆنی ئادەمیزادان دێ!»

داده داده!

به من مەڵێ كاڵەم دڕا چم پێ نەبڕا،

له شوێن هەركەوتنێكم دا

سەد حەكایەت دێته دنیا

چاوەڕوانم لەم هۆڵه تەڕ و ساردەدا

نانی چیرۆكێكی گەرمم بدەیته دەست،

چاوەڕوانم به شانەی وشه نەرمەكەت

قژی ئالۆزم دابێنی،

چاوەروانم ڕامان گوێزی و لەوه زیاتر مەودا نەدەی

دەستی سارد و لەشی سارد و چاوه ساردەكانی دایكم

كلوو كلوو بەسەر لەشی سەرمابردووم دا ببارێ!

چاوەڕوانم چیرۆكی كۆشكی خەیاڵت بۆ ئەمجاره

حەكایەتی كایەیەك بێ

هەموو تێیدا هەڵبسووڕێن:

فڕی...فڕی،

چۆلەكه فڕی!

فڕی...فڕی،

ئاسن فڕی!

زیندان فڕی!

قفڵ فڕی!

ئەمن فڕیم!

دایكم فڕی!

ئەتۆ فڕی!

ده قامكەكانت هەڵێنه ، مەڵێ نافڕن!

دێوەزمەی نیگابان ئەمشەو

باڵه كانی ون كردووه،

دەنگێ مەكە لە لای خۆمه ،

یەك بە یەكمان پێی هەڵدەفڕین!

داده دەنا تۆ گۆیت لێبێ،

دوێنێ شەوێ خەونم دەدیت:

خەونم دەدیت شەپۆلەكان هەڵییان دەكوتا سەر بەستێنی تەنیایی من،

خەونم دەدیت رۆژ هەڵات و دەلاقەمان بەرەو هەتاو كرایەوه،

خەونم دەدیت فریشتەكان بۆ هەڵفڕین باڵەكانییان وێدەخستین،

خەونم دەدیت دایكم به كۆڵی دادام و به پەیژەی چیرۆكی تۆدا وەسەركەوت،

خەونم دەدیت خودا هات و ماچی كردم و بەڵێنی دا بۆ شەیتانیش هەر نەمێنێ شوێنی ئاوا،

خەونم دەدیت كه دەنگ خۆشێك ئاوازێكی تری پێیه،

خەونم دەدیت كه تۆ دێیی و حەكایەتێكم بۆ دەڵێی كه خەونەكانم بێنه دی!

حەكایەتی تۆ داده گیان

وەڵامی پرسیاری منی تێدا هاتبوو،

دایكم نەكرا لێم حاڵی كا

چارەنووسی مه بۆ وابوو؟

تەنیا گوتی:

قارەمانی كەوانداری چیرۆكی مه

بەر له بەڕەڵلا كردنی تیرەكەی خۆی

بە تیری «ئاڕەش» ی ئەوان له پێ كەوت و

لەورۆژەوه كه سنوورمان دیاری نەكرا

هەر دەرمانداو و قڕ كراین له چوار لاڕا

دایكم گوتی لەورۆژەوه ببڕ ببڕ!

پێخۆری نانمان هەر خوێن و برسییەتیش به باڵات بڕا!

داده مەنوو حكایەتێكت بۆ دەڵێم،

حكایەتی ئاوێنه تێكشكاوەكەی دایكم لێی لەت و پەت كردم

پێی وابوو رێگەم پێنادا

كه حاڵی بم له هۆنراوەی جەستەی زەردم!

نەیدەزانی لە ئاوێنەی چاوه حیرانەكانی دا

رۆژێ سەد جار خۆم دەبینم كه پڕ دەردم!

حكایەتی منداڵێكی چاوشینی سەر زەردم پێیه

له بەر خواردنی حەوت كەیكان به جارێكی

خەڵاتێكی زۆر كرا لەم كێ بەر كێیه!

ئەمن دەمگوت درۆ دەكەن

دایكم دەیگوت درۆ ناكەن

ئەوانە هەمووی جندۆكەن

هەرچی پێیان خۆش بێ دەیكەن!

دایكم دەیگوت:

من دیتوومه گەورەكانییان

به ساتێكی حەوت هەزار ئینسانان دەخۆن!

به چركەیەك حەوت هەزار جار له دەوری دنیا خولدەخۆن!

حەوت هەزار جار سەرمان دەبڕن هەرا ناكەن!

حەوت هەزار جار رەنگ دەگۆڕن، بۆمان دەگرین حەیا ناكەن!

ئەمن گوتم : كه وابوو ئێمه پیوازین

سەرمان دەبڕن ، بۆشمان دەگرین؟

چەند پێكەنی به گەوجی من

چەنده گریا به ڕووڕەشی ئەو چاخەمان!

داده بنوو كه زۆر ماندووم

جندۆكەكان بە حەوت ساڵان

رێگای سەد ساڵیان پێبڕیوم!

مریەم قازی - مەهاباد