شێعرێکی ههوار خزر راده - مههاباد
...
رەنگە هەور زۆربڵەیەكی میزكەر بێ
لە ناو نۆنی تەنیایی هەرچی چێژی پەنجە
دەستەوەستاكانی بێدەسەڵات
رەنگە زەندەقی ئاسمان لە رووڕەشی پڕتاو ئاسای
هەور
رووحێكی مەنگی لەبەرەخۆ كردبێ و
نەزم لە ژوانگەی هەناسە و تەناف پەڕۆ بڕۆێ و
هەرچی خاكی هەتیو و بێ باوكە لە
سنوورێكی غەریب
چەقەسرۆ بێ و
مێژووی دەمارەكانی حەسرەت
لە بەرخۆدانی
رژان و تكان
جیكڵدانەیەكی بە سەوزایی تۆڕ دابێ
گەر لەم ژوانگەی تەمەن
بڕستی بەر هەناسە و هەتاو
بە هەڵە بژمێردری.
گەر جانتای بێڕەنگ و بۆن
لە شەوی بوردومانی
هەناسە تەزیوەكانی رووح
بێزوو بە كۆلارە و بزوەی پەنجەكان بكا
قەڵشانی وتە دەكەم بە سەرەتای
مێژوویەكی سارد
كە دەرزی بە سەر گشت سووچەكانی
رووڕەشی، بێوەستان خول بخوا
رەنگە بە دڵۆپە كڕیستاڵییەكانی
گریمان لەم جەنگە دڵساردییە
روو كەمە سەر تاتەشواری بیرە پساوەكانی شەیتانی
ئاو
سەر بخەمە سەر رانی
هێلانەیەكی سەرهەڵگرتوو
شینی لە چاوی
تەڕایی لە لاجانگی
پرچی هەموو دڕك وداڵی خیچانی
هەناسە نەپشكۆكان
هەور چ بێواتا لەم مەڵبەندە
سوجدە بۆ داشكانەوەی
روخساری بێبڕەو دەكا
ئیزن بە سووچێكی پووچ
بڕوا بە دیوارێكی مەنگ
سوێند بە هەڵپچڕانی
قژی هەناسەیەك
لە تەرزە یاخێكانی ئەم رووبارە بێ بنە
سەر دەنێمە ناو
دەرزی پەتی شەیتانی
تۆڕی لادیوارەكانی ناشێعریم دەزێنم
بەڵكوو لە سینگت گوڵی پەژان بڕوێنم
بە ئێرەیی هێڵی هەور قژ خەڵات كەم
تف لە بۆگەنی سپی
تف لە شەرمی بێدەنگی تەمی رووح
چ ئارام و لە سەرەخۆ
بەرەو نوقسانی هەناسە
دەخوشێ.
رەنگە كچانی گەڕەكی چاوكراوەی شێعرم
بەردی ئاوات لە جەستەیان مۆر بكەن
لەم تەپۆڵكەیە قاقڕ بە سەر بێوەژنی هەناسەدا
دادەكۆڕمێ و
لەفزی جەستەی
بە ئاسمانیش ناگێڕدرێ
تەقە لە بێدەنگی سنووربەزێنی شار
دێنێ
جاڕی
خەتەنەی با بە كۆڵانە بێپرچەكانی ئەوان كچان
وەك هێڵێكی سوور دەرگا دەڕمێنێ
حەساوەیەك رووت
لە تاپۆیەكی بێدم كە جەستەی نازی ژنێكی
تاكوو ئەوپەڕی داپلۆسكان، رووح
لە نای شار دەژەنێ و
تەریقەتی مەنگی دەستەكانی
نابەخشێ بە دیوار .
دانیشتنەکانی بنکەی ئەدەبیی رووناک-ی پیرانشار هەموو ڕۆژانی یەکشەممە کاتژمێر 5 تا 7ی پاش نیوەڕۆ لە دایرەی فەرهەنگ و ئیڕشادی پیرانشار بەڕێوەدەچێ. هاتنتان مایەی شانازیمانە