کاوڵییە کۆچەرەکان

رەش پێستێ هەرچی قوژبنی قورئانە گەڕا

بەڵکو بزانێ تاوانی شەو بوونی کەسێک چیە و

بۆ کام سووچی دۆزەخی دەبەن

چەن رۆژ جارێ

قاپێ ئاردی دەکەوێ و

خۆی و خێزانی

رۆژانە چەند کاتژمێر

ئەبێ پاکییەکانی بەهەشت بپارێزن

هیچی دەس نەکەوت و

بەر لەوەی...

مرد

و

ئافریقا هێشتا هەر ئیمانی نەهێنا

سوور پێستێ هەرچی قوژبنی دارستانەکانی ئامازۆن گەڕا

بەڵکو وڵات بدۆزێـتەوە

هیچی دەست نەکەوت و

بەرلەوەی ...

هەڵات و ئێستاش

لە ئاستارا

هەواڵی تەرمەکانی مەهاباد دەپرسێ

مردن تاوانە و

ژیان گەلێک گەورەتر

هەندێ شتی دیکەش هەن

نێوان رەش و سپی دەژین

وەکوو رەنگ و نازارە

کە هەرچی رۆژە

لە ماڵ نییە

و گەلێ مێوانی هەیە

مێوانەکانیشی یان سپین

یان نایانناسێ

گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە فریشتە

تابڵۆی ئاشقێکی نابەجێیە و

لەم چارەنووسە خۆی دەپارێزێ

یاساکانی دۆزەخیش نازانێ.

ژیان تاوانە و

مردن گەلێک گەورەتر

هەندێ شتی دیکەش هەن

کە داهێنەر هەرگیز بیری لەوانە نەکردوتەوە

وەکوو رەنگ و سنوور

سنوورەکان سوور نین و سپیش

گەمارۆی بەهەشتێکیان داوە

پڕە لە گەنم و سێو

و

سروودی یەکجاری ئەوانەن

کەسروودیان لە سەرلێوەکان دابەزاند

رەش

مردووەکانی داپۆشیوە

سپیش

حەشاری داوە

نێوانیشیان پانتای خۆڵەمیش باوە

سوور ئاوازێکی کۆنە

چەمەری وڵاتێکی ونە

کاوڵییەکان هەموویان ئاوازێکی وایان لە بیرە

کەس نازانێ کاوڵییە کۆچەرەکان تەرمی چەند ئەفسانە دەگێڕن

خەونی چەن ئاشووب بە ئارەزووی گەڕانەوە دەبینن

خۆزگە لۆزان بەرزە یان باڵای خەمەکان و

سەودای گەڕانەوە بۆ دارستان

لە بیرمە هەرکێ دەفڕی

و

هەرکێ هەڵدەهات

لە کنتاکی دەنیشیتەوە

ئەگەرچی گۆڕستانەکانیش زیندوون و تابووت دەکڕن

ئەگەر چی مرۆڤ ئێستە راک دەژین و رووناک دەبیرن

راک ئاوازێکی کۆنە و

ئوکارینا و قەرەنەی پێکیانهێناوە

هۆڵە گشتیەکانی لاس و گاس دەتۆقێنێ

کاناڵێکی ئاسمانی گوتی: دیوانێ لە سنوور گیراوە

کەسیش مل ناداتە ژێر ئەم تاوانە

هەرچی پێڵاوە یان سوورن یان سنوور

هەرچی رێگا خۆڵەمێشە و

هەرچی کاوڵییە سروودێکیان لە سەر لێوە

ئۆقیانووس، چرای ناوێ

چوارلاجادەیە و هەر دەڕۆی

لەو بەرەوە سێبەرەکان، مل بەرز و خەواڵوو بەسەد سروودەوە هەڵدێن و

بە یەک سروودەوە دەژین

سروودی کە مرۆڤ نەیبستووە.